وەزارەتی سامانەسروشتییەکان، لەبارەی نرخی بەنزینەوە سێ بڕیاری دەرکرد و دەڵێت بە پاڵپشتی ئەوان ئیتر بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 750 دینار بفرۆشرێت.
وەزارەتی سامانەسروشتییەکان، رایگەیاندوە، دوا بەدوای کۆبونەوەی ئەمڕۆ سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی بنزین و لەبەر رۆشنایی راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە، بە فەرمانێکی وەزاری چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکە، وەزارەت پاڵپشتیکردنی نرخی بنزینی بازرگانی بە کوالیتی ئاسایی (نۆرمال) پەسەند دەکات، بە شێوازێک، کە نرخی فروشتنی لە بنزینخانەکان بە (750) دینار دەبێت بۆ هەر لیترێک و جیاوازیی ئەم نرخە و نرخی بازرگانی لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی فەرمانە وەزارییەکەدا، کە لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ئیمزا کراوە، جەخت لەسەر دابینکردنی بنزین بۆ هەماهەنگی وەزارەتەکە لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان کراوەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکردوە،ئەم رێکارە بەجۆرێک دەبێت، کە کۆمپانیا دابینکەرەکان پێویستە رەچاوی کۆنترۆڵی کوالیتی بەپێی رێنماییەکان بکەن و ئەم فەرمانە لە رێکەوتی دەرچوونیەوە بەکاردەهێنرێت و جێبەجێ دەکرێت.
