کەسێک بە تۆمەتی دزینی 8 کیلۆگرام زیو لە سلێمانی دەستگیرکرا
سەوسەن سەید
١٢ی ئابی ٢٠٢٦
مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی 8 قاڵب زیوی دزیبوو (کە دەکاتە هەشت کیلۆگرام).
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای ئەوە هات کە هاوڵاتییەک سکاڵای لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین تۆمارکرد بەوەی 8 قاڵب زیوی لێدزراوە.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، مەفرەزەکانی پۆلیس توانینیان تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی گەڕان و پشکنیندا توانراوە دەست بەسەر 5 قاڵب لەو زیوە دزراوەدا بگیڕێت.
تۆمەتبارەکە ناوی (ن، ح، ح)ە و لەدایکبووی ساڵی 1999یە، لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


