ئێران بە یاسا تێپەربونی کەشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەروی هورمز قەدەغە دەکات
بڵند
٩ی ئابی ٢٠٢٦
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە، لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی بۆ رێکخستنی کەشتیوانی لە گەروی هورمز پەسەند کرد، کە تێیدا رەتبوونی کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دوژمن لە گەروەکە قەدەغە دەکات.
بەپێی دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رەسمی ئێران، لە پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکیان پەسەند کردوە دژی تێپەربونی کەشتییە سەربازی و بازرگانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دوژمن بە گەروی هورمزدا.
پڕۆژەکە گواستنەوەی هەر بارێکی سەربازی یان مەدەنی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل و ئەمریکا لە رێگەی گەروی هورمزەوە قەدەغە دەکات، بە شێوەیەک کە سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێندرێت کە دەگاتە 20٪ی کۆی بەهای بارەکان.
پڕۆژەیاساکە جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی ئێران، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردن، رێکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی، چاودێریکردنی کەشتییەکان و دابینکردنی ئاسایشی گەروەکە و کەنداو دەگرێتە ئەستۆ.
بڕیاریشە پڕۆژەکە لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا تێپەڕێنرێت تاوەکو بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



