بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای 19 سەعات لە کارکردنی بەردەوام، بۆڕیی هێڵی دووی ئاوی دوکان - سلێمانی لە ناوچەی قولەرەیسی چاککرا و رەوشەکە بۆ هاووڵاتیان ئاسایی دەبێتەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ دوو شەممە 8ـی 8ـی 2026 بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند کە بۆرییەکی ئاوی هێڵی دووی دوکان - سلێمانی لە قولەرەیسی تێکشکاوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند کە تیمەکانیان توانیویانە بۆریەکە چاکبکەنەوە و رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ چاکبوونەوەی بۆریەکەی قولەرەیسی و بەرداناوەی ئاودا، کار بە سێ پەمپە نوێیەکە دەکرێت و رەوشی ئاوی گەڕەکەکانی ناوچەی قڕگە و هەموو ئەو گەڕەکانەی کە ئاو لە هێڵی دووی ئاوی دوکان - سلێمانی وەردەگرن، باشدەبێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بڵاویکردبووەوە کە بەهۆی کارکردنی شۆفڵێک لە قولەرەیسی، یەکێک لە بۆڕییەکانی هێڵی دووی ئاوی دوکان - سلێمانی شکاوە و کۆمەڵێک گەڕەک لە شاری سلێمانی بۆ ماوەیەکی کاتی بێ ئاو دەبن.