جارێكی تر سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ سەردانی سعودیە بانگهێشت دەكرێت و دەڵێت،  رێگە نادەن خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر دراوسێكانی بەكاربهێنریت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران پێشوازی لە خالد بن عەلی حومەیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سعودیە و وەفدێكی ئەو وڵاتە كردووە و بەهێزكردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریی ئەمنیی بەپەلە لە نێوان هەردوو وڵاتدا تاوتوێكرا.

بەپێی راگەیەنراوەكە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی سعودیە نامەیەكی سەركردایەتیی وڵاتەكەی رادەستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە كە تێیدا جارێكی تر بە رەسمی بانگهێشتكراوە بۆ سەردانیكردنی ریاز.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لە قوڵكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سعودیە و پاراستنی سەروەری خاكی عیراق كردەوە و وتی، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی دەرستووریی و پابەندبوون بە پاراستنی دراوسێیەتی، رێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی بەكاربهێنرێت، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزییە ئەمنییەكان و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە مەترسییەكان.