هاوپەیمانیی پێرل پێترۆلیەم: هەرێم ئاگاداری رێككەوتنی ناردنی غازە بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق
٧ی ئابی ٢٠٢٦
هاوپەیمانیی (پێرل پێترۆلیەم) سەرسوڕمانی خۆی لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم دەردەبڕێت و تۆمەتی پێشێلكاریش رەتدەكاتەوە.
هەردوو كۆمپانیای (دانە گاز) و (نەفتی هیلال) كە بە هاوپەیمانیی (پێرل پێترۆلیەم) ناسراون، لە راگەیەنراوێكدا سەرسوڕمانی خۆیان بەرانبەر راگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕییوە لە بارەی رێككەوتنی ناردنی غاز بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق لە كەركوك، جەختیشیانكردووەتەوە، رێككەوتنەكە بەپێی مافە تایبەتەكانی گرێبەستكردنی كۆمپانیاكە بۆ بەبازاڕكردن كراوە.
هاوپەیمانییەكە ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئاگاداری تەواوی رێككەوتنەكە و ئامادەكارییەكانی بوون و مافی تایبەتی بەبازاڕكردنیش لە رێگەی رێكارە یاساییە نێودەوڵەتییەكانەوە سەلمێنراوە و پێویستی بە رەزامەندیی حكومەتی هەرێم نییە.
هاوپەیمانیی (پێرل پێترۆلیەم) دەنگۆی پێشێلكردنی پابەندبوونەكانی رەتكردووەتەوە و دەڵێت، بەردەوامە لە دابینكردنی 655 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانە بۆ هەرێم كە پێداویستییەكانی پڕدەكاتەوە و رێگەی پێدەدات كارەبا بە حكومەتی بەغداد بفرۆشێت، وێڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم زیاتر لە سێ ساڵە پێدانی شایستە داراییەكانی هاوپەیمانییەكەی دواخستووە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەشدا هاتووە، بڕی 100 ملیۆن پێی سێجا غازی رۆژانە كە بۆ كەركوك دەنێردرێت، لە غازی زیادەی بەرهەمهێنراوی كێڵگەی "كۆرمۆر"ەوەیە لە رێگەی پرۆژەی "كۆرمۆر 250" بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی وزە لە عیراق، جەختیشیكردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی بە وەبەرهێنانی غاز لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2007ەوە چوار ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە بە مەبەستی خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم عیراق.



