پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری لەسەر دۆسیەی خنکانی گەنجێک لە چەمی چەمەکی سەر بە ناحیەی زەلان راگەیاند، و لە ئێستادا بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە روداوی خنکانی هاووڵاتییەک لە کاتی مەلەکردندا لە چەمی چەمەکی سەر بە شارباژێر، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەلان، بەشی پۆلیسی شارباژێر و تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی روداوەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان و پشکنین بۆ تەرمی هاووڵاتییە خنکاوەکە، بە بڕیاری دادوەر سێ تۆمەتبار دەستگیرکران.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لە ئێستادا ھەر سێ تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.