سەرەرای بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ دابەزینی نرخی سوتەمەنی، بەڵام لە هەولێر تا دێت نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێكی تر لە پارێزگای هەولێر نرخی هەر سێ جۆرەكەی بەنزین لە ماوەی سەعاتێكیدا 300 دینار زیادیكرد، بەجۆرێك، نرخی بەنزینی سوپەر بۆ هەر لیترێك گەیشتووەتە 2400 دینار و بەنزینی جۆری موحەسەنیش گەیشتوەتە 2000 دینار و بەنزینی نۆرماڵیش بە 1500 دینارە. 

ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیاری كۆنترۆڵكردنی نرخی سوتەمەنی و جێگیركردنی نرخەكانی بەنزین تەنها چەند رۆژێكی خایاند و جارێكی تر هەولێر روبەڕووی شەپۆلێكی نوێی گرانبوونی بەنزین بووەتەوە.

نرخەكان لە بەنزینخانەكاندا ئاستێكی نوێیان تۆماركردووە كە راستەوخۆ كاریگەریی كردووەتە سەر شۆفێران و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و بژێوییان، شۆفێران نیگەرانی ئەوەن بۆ وەرگرتنی بەنزینی حكومی چەندین سەعات لە نۆرەدا دەوەستن.