دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک رەت دەکاتەوە و جەخت لە ماددەی 140دەکاتەوە
سەوسەن سەید
٦ی ئابی ٢٠٢٦
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور بنچینەی سەرەکیی سیستمی حوکمڕانییە لە عیراقی نوێدا و پابەندبوون پێوەی، رێزگرتنە لە ئیرادەی تەواوی پێکهاتەکان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: خەڵکی کوردستان ماددەی 140ی دەستوور وەک دیارترین نەخشەرێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناسنامەی رووبەرێکی بەرفراوانی خاکەکەی لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا دەبینن.
دەستەکە جەختیشی کردەوە کە هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە بە تەواوی رەت دەکەنەوە و داوایان لێکرد لەم قۆناغە هەستیارەدا گیانی پێکەوەژیانی راستەقینە بپارێزێت؛ چونکە لێدوانی نادەستووری رووبەری بێمتمانەیی فراوانتری دەکات و سەرنج لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ شارەکە دوور دەخاتەوە.

