خوێندنی باڵا: دامەزراندنی سێیەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە پێشینەی بودجەی پێشنیازکراودایە
سەوسەن سەید
٤ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بابەت و شایستەی دامەزراندنی سەرجەم خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێیەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆکان ئەوانەی تاوەکو ئێستا دانەمەزراون لە پرۆژەبودجەی پێشنیازکراوی هەرێم و لەسەر میلاکی وەزارەت چەسپێنراون.
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا هات کە بە سەرپەرشتی د. توانا نەجەف محەمەدخان، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە دیوانی وەزارەت، و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی ژمێریاری و میلاکاتی سەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی جەختی لە گرنگیی بوونی بودجەیەکی گونجاو کردەوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێی کارکردنی وەزارەت و بووژاندنەوەی ژێرخانی زانکۆکان.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی سێیەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بە داتا و ژمارە تیشک خرایە سەر چۆنیەتیی داڕشتنی پێشنیازی بودجە، شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، میلاکات و ئاستی داهات و خەرجییەکانی زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان.
لە کۆتاییشدا ئامادەبووان سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و باشترکردنی رەوشی دارایی زانکۆکان خستەڕوو.



