کۆمپانیاکانی "دانەغاز" و "نەوتی هیلال" دەستپێکردنی دابینکردنی غازی سروشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی کارەبای عیراق لە شاری کەرکوک راگەیاند.

کۆمپانیاکانی دانەغاز لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە بڕی 100 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە رەوانەی وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکوک دەکرێت بۆ ماوەی یەک ساڵ، ئەوەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە عیراق.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی (KM250) دێت لە تشرینی یەکەمی 2025، کە توانای بەرهەمهێنانی کۆرمۆری بە رێژەی ٪50 بەرزکردەوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال رایگەیاند، ئەمە یەکەم دابینکردنی غازە بۆ وەزارەتی کارەبای عیراق و قۆناغێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی کەرتی غاز و دابینکردنی خواستی گەشەسەندووی کارەبا لە سەرانسەری عیراقدا.

لای خۆشییەوە ریچارد هال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانەغاز ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە بنەمایەکە بۆ هاوکاریی ستراتیژیی زیاتر لە بازاڕی عیراقدا بەرەو بەهێزکردنی ئاسایشی ئۆتۆنۆمیی وزە.

پڕۆژەی غازی کۆرمۆر سووتەمەنی بۆ زیاتر لە ٪80ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و قەبارەی سەرمایەگوزاری تێیدا چوار ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.