وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێگە بەکەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بدات، بە ئاسانی و بەبێ کێشە گەروەکە تێپەڕێنن، پلانیشان هەیە بەشێک لە نەوتی کێڵگەكانی باشور لەرێگەی تورکیاوە هەناردە بکەن.

باسم محەمەد خەزیر، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، پلانێکی گەورەیان هەیە بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەوتی کێڵگەكانی باشور لە رێگەی بۆرییەکانی باکورەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێژەی هەناردەکردنی زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنی عیراق و تورکیا.

باسم محەمەد، ئاشکرای کردوە، لە ئێستادا، لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدان تا ئاسانکاری بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان بکرێت، گەروەکە تێپەرینن و هیواشی خواستوە لە رۆژانی داهاتودا لێکتێگەیشتنی گەورە بەدەست بهێنن.

وەزیرەکەی عیراق، ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە 1ی ئەم مانگەدا رێککەوتنێکی گرنگ لەگەڵ تورکیا ئیمزاکراوە بۆ درێژکردنەوەی لێکتێگەیشتنە نەوتییەکان بۆ ماوەی ساڵێک.

ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە، حکومەت دەیەوێت پەیوەندییە ئابورییەکان و هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکات بۆ پشتیوانیکردن لە ئابوریی نیشتمانی و خەرجکردنی داهاتەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات.