عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاند، ئەم قۆناغەی ئێستا تێیداین لە بنیاتنانی كۆماری توركیا گرنگترە و چارەنووسی 86 ملیۆن هاووڵاتیی توركیا دیاری دەكات.

وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتی رایگەیاند، رۆژی 2ـی ئابی 2026 دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام داوە. دیدارەكە ماوەی سێ سەعاتی خایاندووە و تێیدا نوێترین پێشهاتە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی داهاتوو و بەرپرسیارییە مێژووییەكان تاوتوێ كراون، هاوكات وەفدەکە پەیامی رەسمی ئۆجەلانی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەیدا، ئۆجەلان جەختی كردوەتەوە كە "رێگەیەكی هەزار كیلومەتریش  بە هەنگاوی یەكەم دەست پێدەكات" و دیاریكردووە كە لە رێگەی ئەم یاسایەوە هەنگاوێكی درێژخایەن دەنێت بۆ چارەسەركردنی پرسێكی مێژوویی.

ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم قۆناغەی ئێستا تیایداین لە بنیاتنانی كۆماری توركیا گرنگترە و دەبێت بە هەمان جددییەتەوە كار بۆ  بنیاتنانی كۆمارێكی دیموكراتیك بكرێت.

ئۆجەلان ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ گەلی كورد یان بەشێك لە كۆمەڵگە نییە، بەڵكو پێویستییەكی نیشتمانییە بۆ تەواوی 86 ملیۆن هاووڵاتیی توركیا و باكوری كوردستان.

لەپەیامەکەی ئۆجەلاندا ئەوەش هاتووە، ئەم پڕۆسەیە رێگە لە بەردەم گەشەسەندنی یاسای دیموكراتیك و دەرفەتی ئابوری دەكاتەوە و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی ناوچەكە دەبێت.