دانەغاز: بەرهەمهێنانی غاز دەستپێدەکاتەوە
محەمەد رزگار
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
كۆمپانیای دانە غاز بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر ئاسایی دەكاتەوە.
شاكر واجد شاكر بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانە غاز لە عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، كۆمپانیای دانە غاز لە دوای هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاڵۆزییەكان و وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنی و دڵنیابوونەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقەوە، بڕیاریانداوە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر ئاسایی بكەنەوە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانە غاز لە عیراق راشیگەیاند، بەرهەمهێنانی غازی شل ناسراو بە ئێڵ پی جی و غازی وێستگەكانی كارەبا دەگاتە ئاستی ئاسایی خۆی.
كۆمپانیای دانە غاز لەراگەیەنراوێكدا جەختی لەوەكردووەتەوە،پرۆسەی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەكی وورد و قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت و ئامانجیشیان لەم هەنگاوە پشتیوانیكردنی تۆڕی كارەبا و دابینكردنی پێداویستییە خێراكانی هاووڵاتییانە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق.
ئەوەش لەكاتێكدایە لە 16ی تەمموزدا كۆمپانیای دانە غاز بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ناوچەكە بەشێوەیەكی كاتی بەرهەمهێنانی غازی راگرت.



