حاجیاوا؛ لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکدا دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی رفاندن و لێدان دەستگیرکران
محەمەد رزگار
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، لە قەزای حاجیاوا دوو کەس بە تۆمەتی رفاندن، لێدان و هەڕەشەی کوشتنی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هاووڵاتییەک بە ناوی (ب.ب.ا) سەردانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوای کردووە و سکاڵای تۆمارکردووە کە شەوی رابردوو لەلایەن دوو کەسەوە بە ناوی (ا.خ.م) و (ا.م.ک) بە ئۆتۆمبیل رفێنراوە بۆ شوێنێکی دوور و پاشان لێیان داوە، ئازاریان پێ گەیاندووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ دادوەری لێکۆڵینەوەی حاجیاوا ئاگادار کرایەوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کرایەوە، لە ماوەی کەمتر لە یەک سەعاتدا، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوا بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی (ماکۆک) توانیویانە شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن.
پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباران لە بەردەم دادوەردا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (422) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون، هاوکات لێکۆڵینەوە لە روداوەکەش بەردەوامە.



