پۆڵا شەهید سیروان: لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێم
سام
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئیمزای 109 پەرلەمانتاری کۆکردووەتەوە بۆئەوەی موچەی 86 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەرێم بخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2027ـی عیراق.
پۆڵا شەهید سیروان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی زیاتر لە 86 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.
پۆڵا شەهید سیروان ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەم مەبەستە ئیمزای 109 پەرلەمانتاریان کۆکردووەتەوە، تا موچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە کۆی گشتییەکەی نزیکەی 43 ملیار دینارە بخڕێتە ناو بودجەی گشتیی ساڵی2027ـی عیراقەوە.
جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە چارەسەرێکی ریشەیی و بنەڕەتی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی چەندین ساڵەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.




