لوقمان وەردی: سەرۆك بافڵ بەردەوام هەوڵی پاراستنی هەرێم دەدات لەو شەڕەی لەناوچەكەدا هەڵگیرساوە
محەمەد رزگار
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لە گرژییەكانی ناوچەكە و سەرۆك بافڵ بەردەوام هەوڵی پاراستنی هەرێم دەدات.
لوقمان وەردی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، كوردستان یەكپارچەیە هەڕەشە بۆ سەر هەر شارێك هەڕەشەیە بۆ سەر هەمووان، هەروەها هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لە گرژییەكانی ناوچەكە و سەرۆك بافڵ بەردەوام هەوڵی پاراستنی هەرێم دەدات لەو شەڕەی لەناوچەكەدا هەڵگیرساوە.
وتیشی، پاراستنی هەرێم لە ئەستۆی یەكێتی و پارتییە و كورد بەشێك نییە لە شەڕی ناوچەكە، بۆیە دەبێت لەپێناو پاراستنی هەرێم دەبێت لایەنەكان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی هەرێم، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2021ـەوە کورد لە عیراقدا پاشەکشەی کردووە، ئەوەی ئێستاش لە هەرێم رودەدات ئەنجامی تێکچوونی باڵانسی هێز و دروستبوونی تاکرەوییە. رونیشیکردەوە، باشکردنی ئەم رەوشە تەنها بە راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و چەسپاندنی شەراکەتی راستەقینە دەبێت.
دەشڵێت، ستراتیژی یەکێتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و دژی هەر جۆرە دوو ئیدارەییەکن، ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان جیاکاری لەنێوان شارەکاندا رەتدەکەنەوە و دەیانەوێت دامەزراوەکان تەنها بۆ خزمەتکردنی خەڵک بن، تەنانەت بابەتی باج و رسووماتیش لە هەرێم دەبێت بە یاسا رێکبخرێت نەک بە رێنمایی کە ببێتە بارگرانی.
لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمدا، لوقمان رایگەیاند، یەکێتی خاوەنی 39 کورسییە و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات، هیچ کاتێکیش دەرگای گفتوگۆ داناخات، داواشیکرد, لایەنەکان سازش بۆ یەکدی بکەن، چونکە بە یەکڕیزی و تەبایی دەتوانرێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت.
سەبارەت بە داواکارییەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتی، "پەرلەمانی کوردستانمان پەکنەخستووە تا کارای بکەینەوە، بەڵکو داواکاری بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ئێستادا تەنها بۆ خۆدزینەوەیە لە پێکهێنانی حکومەت، چونکە ناکرێت پەرلەمان شەرعیەت بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر بدات و پێویستە پێش هەر کۆبوونەوەیەک، رێککەوتنی سیاسی لەسەر دابەشكردنی پۆستەکان ئیمزا بکرێت."
"پاراستنی میللەت لەلای یەكێتی لە هەموو شتێك گەورەتر و پیرۆزترە، هەروەها داواكاری یەكێتی داواكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە" لوقمان وەردی وا دەڵێت.


