تۆمەتبارێک لە گەرمیان دەستگیرکرا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لە چەندین ژن کردبوو
محەمەد رزگار
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لە ژنان دەکرد و چەندین وێنە لەنێو مۆبایلەکەیدا دۆزراوەتەوە.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند: دوای ئەوەی ژنێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکردبوو، هێزەکانیان دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد کرد.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی رابردوو هێزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیویانە تۆمەتبارەکە بە ناوی (م. م. س)ە دەستگیربکەن، لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، هاوکات دوای پشکنینی مۆبایلەکەی، دەرکەوتووە وێنەی چەندین ژنی دیکەی تێدایە و هەڕەشەی لێکردوون.
پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (2) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیدا بەردەوامە.


