پۆلیسی گەرمیان چوار ژن بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر دەکات
محەمەد رزگار
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان چوار تۆمەتباری دەستگیرکرد، کە لە ناو بازاڕی شاری کەلاردا کەلوپەلی جوانکارییان لە دوکانێک دزیبوو.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی خاوەنی دوکانێکی جوانکاری ژنان لە شاری کەلار سکاڵای یاسایی تۆمار کرد سەبارەت بە دزینی ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلی نێو دوکانەکەی، دەستبەجێ تیمەکانی لێکۆڵینەوەی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کرد.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە چڕەکاندا توانرا چوار تۆمەتباری ژن دەستگیربکرێن، تۆمەتباران لە کاتی لێپرسینەوەدا و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لە دژیان بەردەوامن.



