کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە زاری لێپرسراوانی باڵای وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، ئەمریکا خۆی بۆ فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران ئامادە دەکات و لە چوارچێوەیەدا 100 فرۆکەی سوتەمەنی بۆ ناوچيکە گواستوەتەوە.
کەناڵەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، رایگەیاندوە، هەفتەی داهاتوو بۆ ناوچەکە هەفتەیەکی چارەنوسساز دەبێت.
لە راپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکەدا هاتووە؛ ناوخۆی ئیسرائیلدا وا دەخەمڵێندرێت کە دوای هەفتەیەک لە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیازی هەیە مەودا و قەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی زیاتر پەرە پێبدات.
هاوکات لێپرسراوێکی باڵای سوپای ئیسرائیل بە کەناڵەکەی راگەیاندووە؛ ئێرانییەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل پەلکێشی ناو ئەم ململانێیە نەکەن، بەڵام ئەگەر ئەمریکییەکان هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە، لەوانەیە ئەم رەوشە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
لە لایەکی ترەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کردووە، کە بەهۆی ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی گرژییەکان، پێداچوونەوە بە گەشتەکانیاندا بکەن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی بۆ ئیسرائیل.
کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵە نێوەندگیرییەکانی قەتەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام سەرچاوە سیاسییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە، کە ئەم هەوڵانە لە کورتماوەدا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ نابێت.