بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی گەرمیان بە رەسمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی بۆ ئەمساڵ راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکردوە 46 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتوە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی پار نزیکەی 39 هەزار تۆنیان وەرگرتبوو.

ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی گەرمیان بڵاویکردوەتەوە، کۆتاییان بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران هێناوە، کە تیایدا بە کۆی گشتی بڕی 46 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی ناوچەکە وەرگیراوە.

 بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی گەرمیان بەم بۆنەیەوە، لە پەیامێکدا سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەکەی راگەیاند و پێزانین و سوپاسی تایبەتی ئاڕاستەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییە ماددییەکانی بۆ سایلۆکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چاو ساڵی پاردا، کە بە نزیکەی 40 هەزار تۆن وەرگیرابوو، ئەمساڵ زیاتر لە شەش هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.