حکومەتی هەرێم هێرشەکانی ئێران شەرمەزار دەکات و داوای دەستوەردانی بەغداد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بەو هێرشە موشەکییانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێم، راگەیەندراوێکی رەسمی بڵاوکردەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا ئاشکرایکرد،: "هێرشە بێ پاساوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین."

حکومەتی هەرێم هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامەکانی ئەم بۆردومانانە و ئاماژە بەوە دەکات کە "بەردەوامیی ئەم هێرشانە، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێکدەدات."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران داواکارییەکانی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دەڵێت: "داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین کۆتایی بەم هێرشانە بهێنێت، هاوكات داوا لە حکومەتی عیراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێن."