فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین هەوڵێك بۆ هێرشكردنەسەر كێلگەی غازی كۆرمۆر ئاشكرا دەكات و دەلیت رێوشوێنی پێویست بۆ پوچەڵكردنەوەی گیراوەتەبەر.

بەپێی نوسراوێكی نهێنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین كە ئاراستەی دامەزراوە ئەمنییەكانی كردووە ، تێدا ئاماژەی بەوە کردوە کە زانیاری وردیان هەیە لە بارەی هەوڵی گروپە لەیاسا دەرچووەكان بۆ هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر.

بەپێی نوسراوەكە، فەرماندیی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەین رونیكردوەتەوە رێكاری ئەمنی پێویستیان بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو هەوڵە گرتوتەبەر كەبریتین لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین ئاست و دانانی بۆسە و بوونی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان خاڵە سەربازییەكاندا لەگەڵ  توندكردنەوەی چاودێری لەرێگای كامێراوە. 

لە بەشێكی تری نوسراوەكەدا  فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین هۆشداری داوەتە دەزگا ئەمنییەكان و رایگەیاندوە، لە حاڵەتی رودانی هەر پێشێلكارییەكی ئەمنی سەرجەم دامەزراوە و ئاژانسە ئەمنییەكان بەرپرسیارێتی ئەمنی و یاساییان دەكەوێتە ئەستۆ.