قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 15ـی 7ـی 2026 بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵی بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی.

 جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە ئەندامانی بۆردەکە کرد کە خەمخۆرانە کاروبارەکان رادەپەڕێنن و داوایکرد بۆ گەشەپێدان و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی گەرمیان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و جیاوازی لەنێوان ناوچەکانی گەرمیاندا نەکەن و بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لە هەر ناوچەیەک بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکە پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ بکەن.  

قوباد تاڵەبانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان دووپات کردەوە، وتیشی: هەموو ئەو فشارانەی لە رابردوودا کردوویەتی و ئێستاش دەیکات بەهۆی ئەو خۆشەویستییە زۆرەیەتی کە بۆ گەرمیان و گەرمیانییەکان هەیەتی و دەبێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و گەشەپێدانی دەڤەرەکە، ئەندامانی بۆردی وەبەرهێنان وەک یەک تیم پێکەوە کار بکەن و بۆ زیاترکردنی ئاستی وەبەرهێنان ئاسانکاری تەواو پێشکەشی وەبەرهێنەران بکەن.