ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لەگەڵ لێپرسراوانی ناوچەكە لەسەر پرسی دابەشكردنی زەوی و بازرگانی و وەبەرهێنان كۆدەبێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم سەردانێكی رەسمی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قەزای كەلار ئەنجام بدات و لە سەرەتای سەردانەكەشیدا ئیمزای دابەشكردنی زەوی بەسەر 26 هەزار موچەخۆری ئیدارەكەدا بكات، بڕیاریشە لە قۆناغی یەكەمدا 10 هەزار موچەخۆری حكومی زەوییان پێبدرێت، زەوییەكان لەناو قەزای كەلار و قەزای كفری و ناحیەی رزگاریدان و ئەو موچەخۆرانەشی دەكەونە ناوچەكانی ماددەی 140، لە قۆناغی داهاتوودا زەوییان پێدەدرێت.

لەلایەكی ترەوە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەكە كۆدەبێتەوە بۆ دانانی رێكارێك بۆ پەرەدان بە كەرتی وەبەرهێنان و بازرگانی لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای كەلاردا، ئەوە جگە لەوەی ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار پڕۆژەیەكی گەورەی سینەمایی لە كەلار دەكرێتەوە.