لە کۆشکی سپییەوە ترەمپ و زەیدی قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی رادەگەیەنن
سەوسەن سەید
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە ئەمە یەکەمین سەردانی رەسمی دەرەکیی سەرۆک وەزیرانە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکەیەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، هەردوولا قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆنیان راگەیاند و جەختیان لەسەر هاوبەشییەکی ستراتیژیی هەمیشەیی کردەوە.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا بە گەرمی بەخێرهاتنی وەفدی عیراقی کرد و رایگەیاند کە واشنتۆن عیراقی خۆش دەوێت و متمانەیەکی زۆری بە سەرۆک وەزیران هەیە کە بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات.
لای خۆیەوە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانە مێژووییە تەنها سەردانێکی ئاسایی و تێپەڕ نابێت، بەڵکو دەروازەیەک دەبێت بۆ راگەیاندنی هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەن لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا.
لەسەر پرسی ئەمنی وهێزە چەکدارەکان، زەیدی پەیامێکی توندی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد و رایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی عیراق بە تەواوی توانای پاراستنی خاکی نیشتمانیان هەیە و دوای 30ی ئەیلوولی داهاتوو هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بوونی نییە.
سەرۆک وەزیران ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی رابردوودا دەوڵەت بە رەسمی چەکێکی زۆری لە بەشێک لەو گروپە چەکدارانە وەرگرتووەتەوە، و جەختی کردەوە کە دەرگای حکومەت بۆ هەر هێز و لایەنێک ئاوەڵایە کە بڕیار بدات چەک دابنێت و روو لە کایەی سیاسی بکات بۆ ئەوەی بە شێوازێکی یاسایی و مەدەنی هاوکاری تەواوی بکرێت.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئابووری و بارگرانییەکانی جەنگی دژ بە تێرۆر کرد و ئاماژەی بەوە دا کە زیانەکانی عیراق لەم شەڕەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار و بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی وڵات.
زەیدی وتی: هەرچەندە عیراق یەکێکە لە دەوڵەتە دامەزرێنەرەکانی رێکخراوی ئۆپێک، بەڵام بەهۆی ئەو بارگرانییە گەورەیەی بەسەریدا هاتووە، ئێستا داوای پشکێکی دادپەروەرانە لە هەناردەکردنی نەوتدا دەکات، هاوکات بەخێرهاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کرد بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بێنە ناو بازاڕەکانی عیراقەوە و بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا.


