ئاسایشی هەرێم: سێ کارمەندمان لە کاتی دەستگیرکردنی باندێکی دراوی ساختەدا بریندار بوون
سەوسەن سەید
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانیان باندێکی سێ کەسییان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستگیرکردووە کە کاریان ساغکردنەوەی دراوی ساختە و فریودانی هاووڵاتیان بووە، ئاشکراشی کرد کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری رویداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و چاودێریکردنی توندی باندەکە، شەوی هەینی (10ی تەمموزی 2026) لە کاتژمێر 8:55ی شەو لە نزیک ناحیەی ئاشتی، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیان جێبەجێ کراوە. لە کاتی داخرانی گەمارۆکەشدا، تۆمەتباران بە چەک روبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە و لە ئەنجامدا سێ کارمەندی ئاسایش بریندار بوون.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی باندەکە، ئاسایش روونی کردووەتەوە کە تۆمەتباران لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تیکتۆک و سناپ چات)ەوە بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە کردووە، و لە کاتی رێککەوتن و ئەنجامدانی مامەڵەدا، کڕیارەکانیان فریوداوە و بە زەبری چەک و هەڕەشەکردن، پارەیان لێ سەندوون.
لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتبارانی باندەکە بەپێی ماددەکانی (406) و (56) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان لە دژیان.



