بڕیاری بەعەرەبكردنی ناوی شارەكوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە و ئەمڕۆش بەو مەبەستە رێپێوانێكی جەماوەری لە شاری كۆبانێ بەڕێوەدەچێت.

بە پێچەوانەی خاڵەكانی رێكکەوتنەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كە لە 29 مانگی یەكی ئەمساڵ بۆ تێكەڵكردنی هێزەكان ئیمزاکرا سیاسەتەكانی حكومەتی سوریا دژ بە كوردانی رۆژئاوا رێگەی هاوشێوەی رژێمی پێشووی بەعس دەبڕێت.

شاری كۆبانێ كە شارێكی كوردنشینە لە ساڵی 1911ـەوە بەو ناوە دەناسرێت، بەڵام لەسەردەمی بەعسدا لە چوارچێوەی پلانی بە عەرەبكردن ناوی شارەكە گۆڕدرا بۆ عەینەلعەرەب لە دوای شۆرشی رۆژئاوای كوردستان جارێكی دیكە بە رەسمی ناوی كۆبانێ گەڕایەوە سەر زمانەكان .

لە دوایین هەوڵی دژە كورد لە لایەن حكومەتی سوریاوە ناوی كۆبانێ و ناوچەكانی دەوروبەری بەعەرەبیكراوە و لە دژی ئەمەش كەمپەینێك لەسەر تۆڕە كۆمەڵاتییەكان لە ژێڕ ناوی كۆبانێ ناسنامەمانە دەستیپێكردووە و بڕیارە ئەمڕۆش لە كۆبانێ رێپێوانێكی جەماوەری رێكبخرێت.