وەزارەتی دارایی هەرێم: زیاتر لە 60 ملیار ئامادە وەك داهاتی نانەوتی
٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی حەوت دەستپێدەكات و كێشەی داهاتی نانەوتیش هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە
لە كاتێكدا هێشتا مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم سیستەمی پەیڕۆڵی بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی حەوت (تەممووز) كارا كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، وەزارەتی دارایی مۆڵەتی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژی بەخشیوەتە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان بۆ ئەوەی لیستەكانیان بەپێی سیستەمەكە ئامادە بكەن و رەوانی بكەن.
سەبارەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم و ناردنی پارە لە بەغدادەوە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چەند زانیارییەكی گرنگی بۆ بڕیار محەمەد پەیامنێری كوردسات نیوز ئاشكرا كردووە، رایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 60ملیار دیناری وەك داهاتی نانەوتی ئامادە كردووە تا ڕەوانەی بەغدادی بكات.
بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ رەزامەندی پێشان نەداوە لەسەر كەمكردنەوەی ئەو 120ملیار دینارەی كە مانگانە وەك داهاتی نانەوتی لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، ئەگەر بەغداد بۆ ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگی رابردوو بڕی 120ملیار دینار لە مووچەی هەرێم ببڕێت، ئەوا كورتهێنانێكی دارایی زۆر گەورە دروست دەبێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ كێشە و ئاستەنگی جدی بۆ پڕۆسەی دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران دروست دەكات.



