نووسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی کۆمەڵێک دەنگۆ و هەواڵی میدیا رەسمی و نارەسمییەکانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە.

دەقی راگەیەنراوەکە:


ڕوونکردنەوەیەک لە نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد-ەوە
:

لە دوای هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ماڵ و سامانی گشتی، نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەردەبڕێت لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری.

بەڵام بەداخەوە، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک کەناڵ، میدیا، پەیجی فەرمی و مۆڵەتپێدراو، جگە لە پەیجەکانی سێبەر، هەواڵ و بابەتێکی بێ بنەما و نادروستیان سەبارەت بە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوکردووەتەوە.

لەبەر ئەوە، نوسینگەی خاتوو شاناز بۆ هەموو لایەکی ڕووندەکاتەوە کە ئەو هەواڵ و بابەتانە تەنها درۆ، بوختانن و هەوڵێکی بەردەوامن بۆ لێدان لە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.

هەروەها، لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو کەناڵ، میدیا، پەیجە فەرمی و ئەکاونتە سێبەرانە دەکەینەوە لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەما و تۆمەتانەدا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی خاتوو شانازەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و سکاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.

نوسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد