ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، فەرمانگەی پاسپۆرت لە قەزای خانەقین دەکرێتەوە و چەندین ناوچەی تری دەوروبەریشی لێی سوودمەند دەبن.

سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای ئەوەی پێشتر رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عیراقیان بۆ کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت لە خانەقین بەدەستهێنابوو، لە ئێستادا رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرتی عیراقیشیان بۆ ئەو مەبەستە وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئاینده‌یه‌کی نزیکدا فەرمانگەکە بە رووی هاووڵاتیاندا دەکرێتەوە و دەستبەکار دەبێت.

بەپێی ئەو نووسراوەی کە پەرلەمانتارەکە بڵاویکردووەتەوە، کردنەوەی ئەم فەرمانگەیە ئاسانکاری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەکات و جگە لە ناوەندیی قەزای خانەقین، دانیشتووانی ناحیە و ناوچەکانی جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە و "حەوزی حەمرین" لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم فەرمانگەیە سوودمەند دەبن و چیدیکە پێویست ناکات بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان روو لە ناوەندەکانی تر بکەن.