هاتوچۆی هەڵەبجە چەند رێکارێکی نوێی بۆ رێکخستنی ناوشار گرتەبەر و رایگەیاند، چیتر رێگە نادرێت ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بوەستن، هاوکات هاتنی ماتۆڕسکیلەکانیش بۆ ناو سەنتەری شار قەدەغە دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و خاوەن ماتۆڕسکیلەکان دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگەنادرێت بە وەستانی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان (تەنانەت ئەوانەشی کە کۆدیان بۆ کراوە) لەناو سەنتەری بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا، هەر بەپێی بڕیارە نوێیەکە هاتنی هەر جۆرە ماتۆڕسکیلێک بە هەر بیانوویەک یان بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت، بۆ ناو سەنتەری شار بە تەواوی قەدەغەیە.

روونیشی کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانە تۆمارنەکراون و سیستمی سزای دارایی "غەرامە" نایانگرێتەوە لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەکدا، تیم و مەفرەزەکانی هاتوچۆ بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان، راستەوخۆ دەست بەسەر ئامرازەکانیاندا دەگرن و رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن دەکرێن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هاتوچۆی هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتیان و شۆفێران دەکات پابەندی رێنماییەکان بن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سیمای شارستانی و گەشتیاری شارەکە و دوورکەوتنەوە لە لێپێچینەوەی یاسایی.