میدیای ئیسرائیلی: خولی ئێستای دانوستانەکانی واشنتۆن لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان خراپترینە
سەوسەن سەید
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
گەڕی کۆتایی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە واشنتۆن، دەستیپێکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ کە لە گەڕی پێشوودا بە چاودێری ئەمریکا گەیشتبوونە رێککەوتن.
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن، بە "خراپترین و ئاڵۆزترین" خول دادەنرێت لە مێژوی گفتوگۆکانی نێوانیاندا، و کەشێکی توند و نەرێنی بەسەر هۆڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پنتاگۆندا زاڵە.
ناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەردوولادا لەسەر پرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و دیاریکردنی "ناوچە ئەزموونییەکان"ە بۆ رادەستکردنیان بە سوپای لوبنان.
ئەمریکاش فشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ناوچەی داماڵدراو لە چەکی حزبوڵا، و پێشبینی دەکرێت ئەم خولە تەنیا بە راگەیاندنی "نامەی نییەت پاکی" کۆتایی بێت.
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگیاندووە کە بنیامین ناتانیاهۆ توانیویەتی دۆناڵد ترەمپ قایل بکات کە ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە، بەڵکو تەنیا پابەندی ئاگربرستی گشتگیر دەبێت و مافی بەرگری و وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ خۆی دەهێڵێتەوە. ناتانیاهۆ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان هیچ نەرمیەک لە پرسی کشانەوەدا نیشان نادات.
هەریەکە لە لوبنان و ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی کە ئەمریکا لەسەر داوای ئێران و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان، پرسی لوبنانی خستووەتە ناو یاداشتی لێکتێگەیشتنی واشنتۆن و تاران. لە بەرامبەردا، ئێران فەرمانی بە حزبوڵا کردووە پابەندی ئاگربەست بێت.
میدیاکانی لوبنان ئاشکرایان کردووە کە وەفدی سەربازیی لوبنان لە کاتی دانوستانەکاندا رەتیکردووەتەوە هیچ وێنەیەکی هاوبەش لەگەڵ شاندی ئیسرائیلی بگرێت، و سەرچاوە سەربازییەکانیش جەختیان کردووەتەوە کە شاندەکە تەنیا بۆ ئەرکێکی نیشتمانی و پاراستنی سەروەری وڵات لە واشنتۆنە و دوورە لە پڕوپاگەندەی میدیایی.


