شارەوانییەکانی سلێمانی دەستپێکردنی قۆناغی چوارەمی دابەشکردنی زەوی لە ناحیەی عەربەت رادەگەیەنێت، کە تێیدا 235 پارچە زەوی لە رێگەی تیروپشک و خاڵبەندییەوە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە ناحیەی عەربەت پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە و 235 پارچە زەوی تر بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی شارەوانی عەربەت دەست بە قۆناغی چوارەمی دابەشکردنی زەوی دەکات، پرۆسەکەش لە رێگەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی بەڕێوەدەچێت.

شارەوانییەکانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوازێکی شەفاف و بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حکومی ناوچەکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەنجام دەدرێت.