لێپرسراوانی ئیسرائیل: سوپای وڵاتەكەمان ناوچەی ئەمنی لە باشوری لوبنان چۆڵ ناكات
هەساو ئەمیر
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیل دەڵێن، سوپای وڵاتەكەیان ناوچەی ئەمنی لە باشوری لوبنان بەجێناهێڵێت و ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری و فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دوای كۆبوونەوەیەكی ئەمنی بڵاویانكردەوە، هێزەكانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی روبەڕووی سەرباز و خەڵكی وڵاتەكەیان دەبنەوە و لەپێناو پاراستنی ناوچەی ئەمنیش لە باشوری لوبنان، ژێرخانی گروپە چەكدارەكان لەناو دەبن.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئاسایشی خەڵكی ئیسرائیل و سوپاكەی لەپێشینەیە و هیچ سازشی لەسەر ناكەن، هیزەكانیشیان لە باشوری لوبنان ئازادی تەواویان هەیە بۆ جوڵەكردن دژی هەر هەڕەشەیەكی راستەوخۆ و نەخوازراو.
جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش رایگەیاند، رێز لە ئاگربەست لە لوبنان دەگرن، بەو مەرجەی حزبوڵا ئاگربەستەكە پێشێل نەكات.



