بۆ دووەمجار شەپۆلێكی بەهێزی گەرما ئەوروپای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە فەرەنسا 15 كەس گیانیان لەدەستداوە كە دوانیان منداڵن.

لەماوەی كەمتر لە یەك مانگدا دووەم شەپۆلی بەهێزی گەرمای بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە و لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپاش پلەكانی گەرما گەیشتوونەتە زیاتر لە 43 پلە و بەهۆی بەرزی رێژەی شێ ئەو پلەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە مەترسیدار و بكوژ ناودەبرێت.

لە فەرەنساش بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە باری مەترسی لە 94 هەرێمدا راگەیەنراوە و تائێستاش 15 كەس گیانیان لەدەستداوە كە دوانیان منداڵ و لەناو ئۆتۆمبێلدا گیانیان لەدەستداوە.

میدیاكانیش بڵاویانكردووەتەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپاش باری لەناكاو راگەیەنراوە و بە هەزاران ناوەندی پەروەردەیی و خوێندنگە داخراون و كاتی دەوامیش لە زۆرینەی دامەزراوەكان كەمكراوەتەوە و بەشێك لەو كارانەشی لەسەر شەقام ئەنجام دەدرێن راگیراون.

لێپرسراوانی ئەوروپاش داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، رێكاری بەپەلە بگرنەبەر و كاری پێویست بكەن بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی شەپۆلی گەرما لەسەر هاووڵاتیان.