وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لوبنان بەشێکە لە رێککەوتنەکەی تاران و واشنتۆن
بڵند
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، راگرتنی شەڕ لە لوبنان بەشێكی سەرەكی رێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكایە، ئاماژەی بەوەشکرد چاوپۆشی لەو تاوانە ناکەین بەرانبەریان کراوە
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ بەشێک لە رێککەوتنەکەیان کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە تەواوی بەرەکان بە لوبنانیشەوە و دەبێت سەروەری لوبنان پارێزراو بێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن و رێوشوێنی گونجاو دەگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی لایەنی ئەمریکی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات لە رێککەوتنەکەدا و جەختیشیکردوەتەوە؛ چاوپۆشی لەو تاوانە ناکەن کە بەرانبەریان کراوە.
لەبارەی چونیان بۆ ژنێف، بە مەبەستی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، ئیسماعیل بەقائی دەڵێت؛ پێش ئەوەی سەردانی ژنێف بکەن، سەردانی وڵاتانی ناوچەکە دەکەن و لە وردەکاری رێککەوتنەکەیان لەگەڵەدا تاوتوێدەکەن.


