سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ناتانیاهۆ کەسێکی سەختە و هێندەی نەمابوو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان رێکەوتنەکەیان لێ تێکبدات، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەگەر ئەمریکا نەبوایە ئێران ئێستا خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو.

دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوای راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاراندا، رایگەیاند بڕیارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و دواتر سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئەو وڵاتەدا رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە قازانجی ئەمریکا گۆڕیوە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی شی جین‌ پینگی سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیای کردوە  بۆ هاوکارییەکانیان لەم رێککەوتنەدا.

 لە بەرانبەردا، بە توندی رەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ گرتوە و وتویەتی؛  هێرشەکانی ئەو خەریک بوو ببێتە هۆی تێکچوونی رێککەوتنی کۆتایی.

دۆناڵد ترمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندوە، ناتانیاهۆ ئەو کەسێکی سەخت و دژوارە، لە راستیدا دەبێت زۆر سوپاسگوزاری ئەوان بێت، چونکە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبوایە، ئیسرائیل تەنانەت دوو سەعاتیش بەرگەی نەدەگرت.