ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، بڵاویکردەوە کە وەفدێکی قەتەری لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردن لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە تاران کۆبوونەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەردانی وەفدەکە بە مەبەستی تاوتێکردنی دوایین پێشهاتەکانی رێڕەوی دیپلۆماسییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوەندگیریکردندا.

هاوکات، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، کە وتووێژکارانی قەتەری بەیانی ئەمڕۆ بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێکەوتوون، ئەمەش وەک بەشێک لەو هەوڵانەی کە ئامانجیان داڕشتنی کۆتا دەستکاری و هێنانەدی رێککەوتنی کۆتاییە بۆ ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.