عەرەبی جدید: نوری مالكی شكستیهێنا لە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی
لاوان
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی سەركردە دیارەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالكی شكستیهێنا لە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
ماڵپەڕی " عەرەبی جدید" لە چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئاشكرایكردووە، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی سیاسی سەركردە دیارەكانی چوارچێوە، هەوڵەكانی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بێ ئەنجام بوون و شكستیان هێناوە.
ئەوەشی خستووەتەرو، پەرلەمانتارانی چوارچێوە دركیان بە هەستیاری رەوشی عیراق و حكومەتی نوێ كردووە و پێیانوایە، پێكهێنانی هەر هاوپەیمانی و فراكسیۆنێكی نوێ پەرتەوازەبوونی زیاتری ناو چوارچێوە و لاوازبوونی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری لە عیراق لێدەكەوێتەوە.
ئەو ماڵپەڕە ئاشكراشیكردووە، سەرەڕای بێ ئەنجامی هەوڵەكانی نوری مالكی هێشتا بەردەوامە لە راكێشانی پەرلەمانتاران و پێكهێنانی فراكسیۆنی نوێ بە ئامانجی هەبوونی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەت، بەڵام سەركردە دیارەكانی تری چوارچێوە چاویان لە پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی حكومەتی نوێی و پاڵپشتیكردنی حكومەتەكەیە، بە هەموو شێوەیەكیش خۆیان لە ململانێی پێشوەختەی دەسەڵات بەدوور دەگرن.


