دوای دزینی ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی کانی کوردەی سلێمانی، هێزەکانی پۆلیس توانییان لە ناوچەی پیشەسازی دەستی بەسەردا بگرنەوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری 'تویۆتا ئەڤەلۆن' لە گەڕەکی کانی کوردەی شاری سلێمانی لێدزراوە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەنجام لەلایەن مەفرەزەکانی هەردوو نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی 'دزینی ئۆتۆمبێل' و نوسینگەی 'بەکرەجۆ'، توانرا ئۆتۆمبێلە دزراوەکە لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی بدۆزرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت.

پۆلیسی سلێمانی جەختی کردووەتەوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕرێکارە یاساییەکان، ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و بەپێی مادەی (446) لە یاسای سزادانی عیراقی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.