ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و سیستمی ئەسیکۆدا دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیەی گرنگی تایبەت بە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، پرسی کەمبوونەوەی داهاتەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تاووتوێ کران.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایەسەر پێشنیازی هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی کرا بە ئەندامیەتیی وەزیر و لێپرسراوانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکومەت، بە ئامانجی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، کە ئەم دەستپێشخەرییەش بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بوو.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، پێشنیازەکەی پەسەند کرد و بڕیار درا ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی کەرتی نەوت و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەفدی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی وەفدی دانوستانکار خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر هەڵوێستی هەرێم کردەوە لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی رووبەڕووی عیراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەفدی دانوستان راسپێردران کە رێکارەکان خێرا بکەن تا هەرچی زووە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتەکەش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوای دڵنیاییدانی حکومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک، بڕیاردرا دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە.
تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەکان و بابەتی جێبەجێکردنی رێکارەکانی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی و موچە.
وەزیری دارایی و ئابوری لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا روونی کردەوە کە داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەهۆی جەنگ، بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە رێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە.
ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدڕاڵ کرد پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕیاری بڕینی 120 ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابوری، ئەو لەیەکترتێگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم ئیمزا کراوە، چونکە بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە، داهاتی دەروازەکان زیاد دەکات، جوڵەی بازرگانی چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی تەواوی عیراقدایە.