كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان رایگەیاند، ئەمرۆ کۆتایی بە گەڕانەوەی حاجیانی هەرێم دێت و کۆتا کاروانی حاجیان لە رێگەی فڕۆکەوە دەگەڕێنەوە.

دوای دەستپێکردنەوەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و داخستنی ئاسمانی عیراق بە رویی گەشتە ئاسمانییەکاندا، بڕیاردرا لە رێگەی وشکانیەوە حاجیان بگەڕیندرێنەوە هەرێم.

دواتر بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق بۆ كردنەوەی ئاسمانی وڵات بە ڕووی گەشتەكاندا، بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی ببنەوە و سەرجەم حاجیانی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا بەڕێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە هەرێم.

بڕیارە ئەمڕۆش چوارشەممە دوا کاروانی حاجیانی هەرێم لە رێگەی ئاسمانییەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و کۆتایی بە وەرزی حەجی ئەمساڵ دێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەمساڵ بە گشتی پێنج هەزار و 136 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی خاکی سعودیەیان کردبوو؛ لەو ژمارەیەش سێ هەزار  و490 حاجی بە فڕۆکە و هەزار و 646 حاجی بە پاس گەشتیان کردبوو.