ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیای و زانیاری کۆبوونەوەکە تایبەتە  بە گفتوگۆکردن لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و کابینەی وەزاریی نوێی حکومەتی فیدڕاڵی.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە سێ پرسی سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت کە بریتین لە؛

 یەکەم _  پێشنیازی هێنانەکایەی دەستەیەکی باڵای وەزاریی هەماهەنگیی هەمیشەیی، بە ئەندامێتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەردوو حکومەت.

دووەم _ دوابەرهەم و ئەنجامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و دەرئەنجامی دواکۆبوونەوەی هەردوولا.

سێیەم _ بابەتی داهاتە ناوخۆییەکان و ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، خستنەڕووی خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی رەوشی ناوچەکە و یەکلانەکردنەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا و کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ.