سەرچاوەیەک لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، درەنگانی شەوی رابردوو گەورە بازرگانێکی  مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا. 

سەرچاوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارە مەترسیدارەکە جگە لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە، پێشتر تاوانی کوشتنی ئەفسەرێکی بەشی مادە هۆشبەرەکانی لە شاری بەغداد ئەنجامداوە و بە مەبەستی خۆدزینەوە لە چنگی یاسا بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەڵهاتبوو.

دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و چاودێریکردنی جوڵەکانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێگەی پلانێکی تۆکمە و هاوئاهەنگیی نێوان هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک، توانرا تۆمەتبارەکە لە بۆسەیەکدا دەستگیربکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە دوای دەستگیرکردنی  رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان لە دژی.