بە مەبەستی لابردنی ناتانیاهۆ لە دەسەڵات لە هەڵبژاردنی 2026دا، هەنگاوێكی نوێ لە لایەن دوو لایەنی سیاسی ئیسرائیلەوە دەگیرێتەبەر.

نەفتالی بێنیت سەرۆك وەزیرانی پێشوو و یائیر لابید سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، پارتەكانیان تێكەڵ دەكەن و دەبنە یەك قەوارەی سیاسی، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دروستكردنی بەرەیەكی بەهێزە بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2026.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، پارتە نوێكەیان بە ناوی "پێكەوە" دەبێت و لە ژێر سەركردایەتی نەفتالی بێنیت دەبێت.

ئەم یەكگرتنە هاوسەنگی هێز لە ئێسرائیل تێكدەدات و ئەركی ناتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو قورستر دەكات، چونكە بە پێی پێشبینییەكان ئەو پارتە نوێیە زیاتر لە 40 كورسی كنێست بەدەستدەهێن، لە كاتێكدا ناتانیاهۆ دەتوانێت تەنها 49 كورسی بەدەستبهێنێت.

ئەم یەكگرتنەوەیە لە ناوخۆدا پێشوازی زۆری لێكراوە، ئەفیگدۆر لیبەرمان، سەرۆكی پارتی ئیسرائیل بەیتنا، پشتیوانی خۆی بۆ ئەم یەكگرتنە دەربڕی و رایگەیاند، پێویستە هەمووان ئامانجی سەرەكیان گۆڕینی حكومەتەكەی حەوتی ئۆكتۆبەربێت كە ناتانیاهۆ سەرپەرشتی دەكرد.