هۆتێل هێڵتن؛ جێگەیەکی مەترسیدار بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا
بڵند
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦
هۆتێلی واشنتن هێڵتن جارێکی دیکە بوەوە بە مانشێتی هەواڵە جیهانییەکان، دوای ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، هەوڵێکی هێرشکردنە سەر بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی تێدا پوچەڵکرایەوە.
ئەم روداوە بیرەوەرییەکی تاڵی بۆ ئەمریکییەکان زیندوو کردەوە، کە ئەویش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک رۆناڵد ریگن بوو لە ساڵی 1981 لەبەردەم هەمان هۆتێل، کە تێیدا ریگن بە سەختی بریندار بوو.
دووبارەبوونەوەی ئەم دیمەنە وای کردووە ئەم شوێنە وەک "مۆتەکەیەک" بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا بناسرێت.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، لە کاتی دروستبوونی دەنگی تەقە و ئاڵۆزی لە دەرەوەی هۆڵەکە، هێزە ئەمنییەکان بە پەلە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسیان لە هۆتێلەکە دوورخستووەتەوە.
هێرشبەرەکە کە مامۆستا و گەشەپێدەری یارییە ڤیدیۆییەکانە، لە خاڵێکی پشکنینی ناورڕاڕەوی هۆتێلەکە دەستگیرکراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا، چەکی راو، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێ بووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ناو هۆڵەکە، لەلایەن کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنییەوە کۆنترۆڵ کراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی واشنتن ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشبەرەکە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نەبووە و بە تەنیا پلانەکەی داڕشتووە بەبێ هاوکاری هیچ لایەنێک.
تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئامانجی سەرەکیی تەنیا پێکانی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بووە و لە ئێستادا دوو تۆمەتی رەسمی ئاڕاستە کراوە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی، ببرێتە بەردەم دادگا.


