کاروان گەزنەیی: ئامانجی سەرۆک بافڵ و یەکێتی فەراهمکردنی پانتایی زیاتری ئازادییەکانە
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
لەیادی 128 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیی، ئەمڕۆ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، میوانداریی کۆمەڵێکی بەرفراوان لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی (کوردی، عەرەبی، و بیانی) کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوی پەیامنێرانیش تیایدا ئامادەبوو، وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بەو بۆنەیەوە، وتەبێژی یەکێتی جەختی لە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و رای ئازاد کردەوە، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بوون بە چەتر و پاڵپشتیکاری سەرەکی بۆ میدیای ئازاد و پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان، بەو پێیەی ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دیموکراسی.
هەروەک کاروان گەزنەیی ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان دامەزراوە رەسمییەکان و میدیاکاران کرد، بە ئامانجی گەیاندنی راستییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و زمانیی.
وتەبێژی یەکێتی جەختی لەوەکردەوە، هەوڵەکانیان بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ رۆژنامەنووسان چڕ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان بتوانن بەبێ ترس و فشار ئەرکە پیشەییەکانیان جێبەجێ بکەن.



