وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە هیچ پلانێک بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەک بۆ گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە و جەختی کردەوە کە واشنتن نیشانی داوە لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا جدی نییە و چەندین کردەوەی شەڕەنگێزانەی ئەنجامداوە و بەندەکانی رێککەوتنی ئاگرەبەستی پێشێل کردووە.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کە بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر دەربەندی هورمز دەبێتە هۆی تێکدانی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا و ئەو سەرچاوەیە جەختیشی کردەوە کە تواناکانی بەرگری ئێران لە نێویشیاندا بەرنامەی موشەکی بە هیچ شێوەیەک جێگەی وتووێژ و دانوستان نین.