لە موسڵ سێ گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی داعش دۆزرانەوە و لەنێوشیاندا روفاتی چەند پێشمەرگەیەک هەن
ساکۆ
١٩ی نیسانی ٢٠٢٦
لە موسڵ سێ گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش دۆزرانەوە كە روفاتی دەیان كەس لە خۆ دەگرن و لە نێویشیاندا روفاتی ژمارەیەك پێشمەرگە هەن
لیژنەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان رایگەیاند، پڕۆسەی هەڵدانەوەی چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵیان لە بەری ڕاستی موسڵ دەستپێكردووە كە روفاتی قوربانیانی دەستی داعشیان تێدایە. ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی لیژنەكە دەڵێت ، تائێستا ڕوفاتی ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی و پێشمەرگە و خەڵكی موسڵ لەو گۆڕانەدا دۆزراونەتەوە و كارەكانیشیان بەردەوام دەبن، بۆ پشكنینی چەند شوێنێكی دیكە كە گومان دەكرێت گۆڕی بەكۆمەڵی لێ بێت.
هەروەها زەید عەباس بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە موسڵ رایگەیاندووە، سێ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراونەتەوە كە دەیان روفاتیان تێدایە.
وتیشی، روفاتەكان رەوانەی پزیشكی داد دەكرێن بۆ ئەنجامدانی پشكنینی "دی ئێن ئەی" بە مەبەستی ناسینەوە و رادەستكردنەوەیان بە كەسوكاریان.
عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا، کە سەرپەرشتی پڕۆسەكەی كردوە ئەوەی رونکردەوە، مێژووی ئەم گۆڕانە دەگەڕێنەوە بۆ روداوەكانی ساڵی 2015 و روفاتی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی پێكهاتەی ئێزدی و پێشمەرگە لەنێو گۆڕەكاندان، ئەمەش قەبارەی ئەو تاوانە گەورەیە نیشان دەدات كە داعش بەرامبەر هەموو پێكهاتەكان ئەنجامیداوە.


